Articles

بەناوى خوداى بەخشندەی میهرەبان





‫ئیسلام ئاینی پەروەردگاری جیهانیانە





‫پەروەردگارت كێیە؟





ئەمە مەزنترین پرسیارە لە بووندا؛ وگرنگترین پرسیارە كە واجبە لەسەر مرۆڤ وەڵامی بزانێت.





پەروەردگارمانئەو زاتەیە کە ئاسمانەكان وزەوی خوڵقاندووە، ولە ئاسمانەوە بارانی دابەزاندووە بەهۆیەوە جۆرەها بەرووبووم ودارمان بۆ دەڕوێت كە دەبنە خۆراك وژەم بۆ ئێمە وبۆ ئاژەڵەكان.ئەو زاتە مەزنە ئێمە وباوانمانی خوڵقاندووە، وهەموو شتێكی خوڵقاندووە، وشەو وڕۆژی دروستكردووە، شەوی داناوە بۆئەوەی ببێتە كاتی خەوتن وحەوانەوە، وڕۆژی داناوە بۆئەوەی ببێتە كاتی گەڕان بەدوای بژێوی وڕزق.هەروەها خوای گەورە خۆر ومانگ وئەستێرەكان ودەریاكانی بۆ ئێمە ڕامكردووە، وئاژەڵەكانیشی بۆ ئێمە ڕامكردووە كە لێیان دەخۆین وسوود وەردەگرین لە شیر وخوریەكانیان.





‫سیفەتەكانی پەروەردگاری جیهانیان چییە؟





پەروەردگار خوڵقێنراوەكانی خوڵقاندووە، وئەو ڕێنموێنیان دەكات بۆ هەق وڕاستیەکات، ئەو هەموو كاروبار وژیانی خوڵقێنراوەكان بەڕێوە دەبات، وڕزق وڕۆزییان پێدەبەخشێت، وئەو خاوەنداری هەموو شتێكە لە دونیا ولە قیامەتدا، هەموو شتێك ئەو خاوەنیەتی وموڵكی ئەوە،پەروەردگار (الحي:زیندوو) ؛ نامرێت وناخەوێت، وئەو (القیوم:ڕاگرە) ؛ كە بەردەوامی وژیانی هەموو زیندەوەرێك بە فەرمانی ئەوە، وڕەحمەتی ئەو زاتە هەموو شتێكی گرتۆتەوە، وهیچ شتێكی لێ شاراوە نیە لە زەوی ولە ئاسماندا.هیچ شتێك وەكو ئەو نییە وئەو (السمیع:بیسەر) و (البصیر:بینایە)، لە سەرەوەی ئاسمانەكانیەتی وپێویستی بە خوڵقێنراوەكانی نییە، خوڵقێنراوەكان بەردەوام پێویستیان بە ئەوە، تێكەڵ بە خوڵقێنراوەكانی نابێت، وهیچ شتێك لە خوڵقێنراوەكانی تێكەڵ بە ئەو نابێت -سبحانه وتعالی-.پەروەردگار ئەم جیهانە بینراوەی خوڵقاندووە بەم هەموو ڕێكخستە هاوسەنگیەکانەوە كە تووشی تێكچوون وپێكدادان نابن، وبەردەوامن لەسەر كاركردن ئینجا ڕێكخستەكانی لاشەی مرۆڤ یان ئاژەڵ، یان ڕێكخستەكانی گەردوون بێت لە دەوروپشتمان بە خۆر وئەستێرە وهەموو پێكهاتەكانی.





هەرشتێك دەپەرسترێت جگە لە الله ؛ توانای هێنانی سوودی نییە بۆ خۆی وتوانای لابردنی زیانی نییە لەسەر خۆی، ئیتر چۆن توانای هێنانی سوودی هەیە بۆ ئەوەی دەیپەرستێت، یان چۆن زیانی لەسەر لادەبات.





‫ئایا مافی پەروەردگارمان لەسەر ئێمە چییە؟





مافی ئەو زاتە مەزنە لەسەر هەموو خەڵكی: ئەوەیە بیپەرستن بەتەنها وبە هیچ شێوەیەك هاوبەشی بۆ بڕیار نەدەن، نابێت جگە لە ئەو یان لەگەڵ ئەو مرۆڤێك یان بەردێك یان ڕووبارێك یان بێ گیانێك یان ئەستێرەیەك یان شتێكی تر بپەرستن، بەڵكو دەبێت پەرستنیان بە دڵسۆزی تەنها بۆ الله ی پەروەردگاری جیهانیان بێت.





‫ئایا مافی خەڵكی لەسەر پەروەردگاریان چییە؟





ئەگەر خەڵكی پەروەردگار بپەرستن ؛ مافیان لەسەر خوای گەورە ئەوەیە ژیانێكی خۆش وپاكیان پێدەبەخشێت كە تێیدا لەنێو ئارامی وئاشتی وئاسایش ودڵنیایی وڕازیبوون دەژین، ولە قیامەتدا دەیانخاتە بەهەشتەوە كە نیعمەتی نەبڕاوە ومانەوەی هەتاهەتایی تێدایە، بەڵام ئەگەر سەرپێچی فەرمانەكانی بكەن ؛ ژیانیان دەكاتە پڕ لە ناڕەحەتی وناخۆشی ئەگەرچیش پێیان وابێت ئەوان لە خۆشی وئارامیدان، ولە قیامەتدا دەیانخاتە نێو دۆزەخەوە وهەرگیز لێی دەرناچن، تێیدا تووشی سزا ومانەوەی هەتاهەتایی دەبن.





‫ئایا مەبەست لە بوونمان چییە؟ وبۆچی ئێمەی خوڵقاندووە؟





پەروەردگاری بەخشندە پێمانی ڕاگەیاندووە كە  ئێمەی بۆ مەبەستێكی ڕێزدار وشەرەفمەند خوڵقاندووە، ئەمیش بریتیە لە تەنها پەرستنی ئەو ؛ ونابێت بە هیچ شێوەیەك هاوبەشی بۆ بڕیار بدەین، هەروەها ڕایسپاردووین بە ئاوەدانكردنەوەی زەوی بە خێر وچاكەكاری، بۆیە ئەوەی جگە لە پەروەردگاری بپەرستێت ؛ نازانێت بۆچی خوڵقێنراوە، وئەركی سەرشانی جێبەجێ ناكات بەرامبەر پەروەردگاری، وئەوەی خراپەكاری بڵاو بكاتەوە لەسەر زەوی ؛ نازانێت بۆچی ئەركێك ڕاسپاردە كراوە.





‫چۆن پەروەردگارمان بپەرستین؟





پەروەردگار -جل جلاله- پاش خوڵقاندنمان ئێمەی فەرامۆش نەكردووە و وازی لێنەهێناوین، وژیانی ئێمەی بۆ گەمە دروست نەكردووە، بەڵكو لە نێو مرۆڤەكاندا پێغەمبەرانی هەڵبژاردووە بۆئەوەی ببنە پەیامبەر بۆ قەومەكانیان، ئەوان كامڵترین مرۆڤن لە ڕەوشتەكاندا، وپاكترین دەروون ودڵیان هەیە، وپەیامەكانی بۆ دابەزاندوون، وپەیامەكان ئەوەیشی تێدایە كە واجبە هەموو خەڵكی بیزانن سەبارەت بە پەروەردگار -جل جلاله-، هەروەها باسی زیندووبوونەوەی خەڵكیان تێدایە لە ڕۆژی قیامەتدا ئەمیش ڕۆژی لێپرسینەوە وپاداشتدانەوەیە.پێغەمبەران چۆنیەتی پەرستنی پەروەردگاریان ڕاگەیاند بە قەومەكانیان، وچۆنیەتی پەرستنەكان وكاتەكانیان وپاداشتەكانیان لە دونیا وقیامەتدا  ؛ هەموو ئەمانەیان بەجوانی ڕوونكردەوە بۆیان، وهۆشداریان پێدان سەبارەت بەو شتانەی پەروەردگاریان حەرامی كردووە لەسەریان لە خواردن وخواردنەوە ومارەییەكان، وڕێنموێنیان كردن بۆ ڕەوشتە جوانەكان، ونەهیان لێكردن لە ڕەوشتە چەوت وسەرزەنشتكراوەكان.





‫ئایا ئاینی قبوڵكراو لەلای پەروەردگار -جل جلاله- كام ئاینەیە؟





ئاینی قبوڵكراو لەلای الله ئیسلامە، ئەمیش ئەو ئاینەیە كە هەموو پێغەمبەران گەیاندوویانە، وخوای گەورە لە ڕۆژی قیامەتدا جگە لە ئەم ئاینە ؛ هیچ ئاینێكی تر قبوڵ ناكات، هەر ئاینێكی تر خەڵكی باوەڕیان پێی هەیە وپەیڕەوی دەكەن جگە لە ئیسلام ؛ ئاینێكی پوچەڵە، بەڵكو دەبێتە هۆكاری ناڕەحەتی وخەسارۆمەندی بۆیان لە دونیا وقیامەتدا.





‫ئایا بنچینەكانی ئەم ئاینە (ئیسلام) وپایەكانی چین؟





ئەم ئاینە خوای گەورە ئاسانی كردووە لەسەر بەندەكانی، مەزنترین پایەكانی بریتیە لە باوەڕهێنان بە الله وەكو پەروەردگار وپەرستراو، وباوەڕهێنان بە فریشتەكان وكتێبەكان وپێغەمبەران وڕۆژی قیامەت وقەدەر، شاهێدی دان بە (لا إله إلا الله ومحمد رسول الله) واتە: (هیچ پەرستراوێك شایستەی پەرستن نییە بەهەق وڕاستی جگە لە الله وموحەمەد پێغەمبەری خودایە)، ونوێژ ئەنجامدان وزەكات دان ئەگەر خاوەنی پارە وسامانێك بیت بگاتە ئاستی واجب بوونی زەكات دەركردن، و بە ڕۆژووبوونی مانگی ڕەمەزان ؛ ئەمیش مانگێكە لە هەموو ساڵێكدا، وحەج كردن بۆ ماڵی خودا كە ئیبراهیم -علیه السلام- بنیاتی نا بە فەرمانی پەروەردگاری؛ ئەگەر بتوانیت لەڕوانگەی دارایی وجەستەییەوە.ودووركەوتنەوە لەو شتانەی خوای گەورە حەرامی كردووە لەسەرت وەكو هاوبەش بڕیاردان -شیرك- وكوشتنی نەفس وزینا وخواردنی پارەی حەرام، بۆیە ئەگەر باوەڕ بهێنیت بە الله وئەم پەرستنانە ئەنجام بدەیت ودوور بکەویتەوە لە حەرامكراوەكان ؛ ئەوا تۆ مسوڵمانیت لەم دونیایەدا، ولە ڕۆژی قیامەتدا خوای گەورە نیعمەتی بەردەوام ونەبڕاوە ومانەوەی هەتاهەتاییت پێدەبەخشێت لە بەهەشتدا.





‫ئایا ئیسلام ئاینێكی تایبەتە بۆ نەتەوە و ڕەگەزێكی دیاریكراو؟





ئیسلام ئاینی الله یە بۆ هەموو خەڵكی، هیچ كەسێك پلە وفەزڵی نییە بەسەر یەكێكی تردا مەگەر بەپێی تەقواداری وكردەوەی چاك نەبێت، وخەڵكی لە ئیسلامدا یەكسانن.





‫چۆن خەڵكی بزانن كە پێغەمبەران -علیهم السلام- ڕاستگۆ ودڵسۆزن؟





خەڵكی ڕاستگۆیی ودڵسۆزی پێغەمبەران دەزانن لە چەند ڕێگایەكەوە، لەوانەیش:





ئەوەی دەیهێنن لە هەق وهیدایەت ئەقڵ وفیترەتە سەلامەت وتەندروستەكان قبوڵی دەكەن، وئەقڵەكان شاهێدی بە جوانی وچاكی دەدەن، وهیچ یەكێكی تر جگە لە پێغەمبەران ناتوانن شتێك هاوشێوەی پەیامی ئەوان بهێنن.





ئەوەی پێغەمبەران ھێناویانە هۆكارە ؛ بۆ چاكبوونی ئاین ودونیای خەڵكی، وبۆ دامەزراوەیی وجێگیری كاروباریان وبنیاتنانی شارستانیەتەكانیان، وبۆ پاراستنی ئاین وئەقڵ وسامان وكەسایەتی وشەرەفیان.





پێغەمبەران -علیهم السلام- داوای پاداشت لە خەڵكی ناكەن لەسەر ڕێنموێنی كردنیان بۆ خێر وهیدایەت، بەڵكو چاوەڕوانی پاداشتن لەلایەن پەروەردگاریانەوە دەکەن وبەس





ئەوەی پێغەمبەران پێی هاتوون هەق وڕاستی ودڵنیاییە ؛ هیچ گومانێكی تێكەڵ نابێت، وهیچ دژیەكی وپشێویەكی تێدا نییە، هەموو پێغەمبەرێك بەڕاستدانەری پێغەمبەری پێشووە وبانگەوازی كردووە بۆ هەمان ئەو پەیامەی پێغەمبەری پێشوو بانگەوازی بۆ كردووە.





خوای گەورە پاڵپشتی پێغەمبەران دەكات وسەریان دەخات -علیهم السلام- بە نیشانە وموعجیزە ڕوون وقایلكارەكان كە لەسەر دەستی ئەوان ڕوودەدەن ؛ بۆئەوەی ببنە شاهێد لەسەر ڕاستگۆییان وئەوان پێغەمبەرن لەلایەن الله وە، ومەزنترین موعجیزەی پێغەمبەران بریتیە لە موعجیزەی كۆتا پێغەمبەر موحەمەد -صلى اللە علیە وسلم- ئەمیش قورئانی پیرۆزە.





‫ئایا قورئانی پیرۆز چییە؟





قورئانی پیرۆز كتێبی پەروەردگاری جیهانیانە، وقسەی الله یە كە دایبەزاند لەڕێگەی فریشتەیەك بەناوی جبریل -علیه السلام- بۆ سەر موحەمەد -صلى اللە علیە وسلم- ؛ وهەموو ئەو شتانەی تێدایە كە خوای گەورە واجبی كردووە لەسەر مرۆڤەكان بیزانن سەبارەت بە الله وفریشتەكانی وپێغەمبەرانی وڕۆژی قیامەت وقەدەر خێر وشەڕی.هەروەها پەرستنە واجبەكان، وحەرامكراوەكانی تێدایە كە واجبە هۆشداریان بین، وڕەوشتە جوانەكان وڕەوشتە بەد وناشیرینەكانی تێدا ڕوونكراوەتەوە، وهەموو ئەرك وكاروبارێك لە ئاین ودونیادا زۆر بەجوانی تێیدا باسكراوە، كتێبێكی موعجیزەئامێزە خوای گەورە تەحەدای خەڵکی کردووە بەوەی كتێبێك هاوشێوەی بهێنن، وپارێزراوە هەتاوەكو ڕۆژی قیامەت بەو زمانەی پێی دابەزێندراوە وهیچ پیتێك لێی كەم نەكراوەتەوە، وهیچ پیتێكی لێ نەگۆڕاوە.





‫ئایا بەڵگەی زیندووبوونەوە ولێپرسینەوە چییە؟





ئایا نابینیت ئەو زەوییەی كە مردووە وهیچ ژیانێكی تێدا نییە ؛ كاتێك بارانی بەسەردا دەبارێت دەهەژێت ودەڕوێت وبەرووبوومی خۆش وپڕ چێژی لێ بەرهەم دێت، ئەوەی ژیانی پێبەخشیووە ؛ بەتوانایە مردووەكانیش زیندوو بكاتەوە،ئەو زاتەی كە مرۆڤی لە ئاوێكی بێزراو دروستكردووە ؛ توانادارە لەسەر زیندووكردنەوەی لە ڕۆژی قیامەتدا بۆ لێپرسینەوە وپاداشتدانەوە، بۆیە ئەگەر كردەوەی چاكی ئەنجامدا بێت پاداشتی بە چاكە دەدرێتەوە، وئەگەر كردەوەی خراپ وشەڕی كردبێت بەهەمان شێوە سزا دەدرێت.ئەو زاتەی ئاسمانەكان وزەوی وئەستێرەكانی دروستكردووە ؛ توانادارە دووبارە مرۆڤ بخوڵقێنێت، چونكە خوڵقاندنی مرۆڤ بۆ جاری دووەم ئاسانترە لە خوڵقاندنی ئاسمانەكان وزەوی.





‫لە ڕۆژی قیامەتدا چی ڕوودەدات؟





پەروەردگار -جل جلاله- خوڵقێنراوەكان زیندوو دەكاتەوە لە گۆڕەكانیان، پاشان لێپرسینەوەیان لێدەكات لەسەر كردەوەكانیان، بۆیە ئەوەی باوەڕی هێنا بێت وپێغەمبەرانی بەڕاست دانا بێت ئەوا دەیخاتە بەهەشتەوە ؛ كە نیعمەتی نەبڕاوە وبەردەوامی تێدایە وهەرگیز نەهاتووە بە بیری هیچ مرۆڤێكدا بەهۆی گەورەیی وخۆشی نیعمەتەكانی، وئەوەی كافر وبێباوەڕ بووبێت ؛ دەیخاتە دۆزەخەوە كە سزای هەتاهەتایی دەدرێت بەشێوەیەك بە خەیاڵی هیچ مرۆڤێكدا نەهاتووە، ئەگەر مرۆڤ بچێتە بەهەشت یان دۆزەخەوە ؛ هەرگیز نامرێت وبە هەتاهەتایی لە نێو نیعمەت یان لە نێو ئازاردا دەبێت.





‫ئەگەر مرۆڤ بیەوێت بێتە نێو ئاینی ئیسلامەوە ؛ دەبێت چی بكات؟ ئایا دەبێت هیچ ڕێوڕەسمێك ئەنجام بدات ؟ یان دەبێت داوا لە هەندێك كەس بكات بۆئەوەی ڕوخسەتی پێبدەن ؟





كاتێك مرۆڤ دەزانێت ئاینی هەق وڕاستی تەنها ئیسلامە، وئاینی پەروەردگاری جیهانیانە، ئەوا دەبێت دەستبەجێ بێتە نێو ئەم ئاینەوە، چونكە مرۆڤی ژیر ئەگەر هەق وڕاستی بۆ ڕوون بێتەوە ؛ ڕاستەوخۆ و بەخێرایی شوێنی دەكەوێت، وئەم هەنگاوە گرنگە دواناخات،وئەوەی بیەوێت بێتە نێو ئاینی ئیسلامەوە ئەوا واجب نییە هەندێك ڕێوڕەسمی تایبەت جێبەجێ بكات، و واجب نییە هیچ كەسێكی دیاریكراو ئامادە بێت، بەڵام ئەگەر بەئامادەبوونی مسوڵمانێك یان زیاتر یان لەنێو ناوەندێكی ئیسلامی بێت ئەوا ئەمە خێرە لەسەر خێر، ئەگەر نا ؛ تەنها ووتنی شایەتمان بەسە، ئەمیش بریتیە لە ووتنی: (أشهد أن لا إله إلا الله، وأشهد أن محمدًا رسول الله) واتە: (شاهێدی دەدەم بەوەی هیچ پەرستراوێك شایستەی پەرستن نییە بە هەق وڕاستی جگە لەالله وشاهێدی دەدەم بەوەی موحەمەد پێغەمبەری خودایە)، وماناكەی بزانێت وباوەڕی پێی هەبێت، بەم شێوەیە دەبێتە مسوڵمان، پاشان پلە بە پلە فێری یاسا وڕێساكانی تری شەریعەتی ئیسلام دەبێت، بۆئەوەی ئەو ئەركانە جێبەجێ بكات كە خوای گەورە لەسەری واجبی كردووە.





 





 





 





‫ئیسلام ئاینی پەروەردگاری جیهانیانە





‫پەروەردگارت كێیە؟





‫سیفەتەكانی پەروەردگاری جیهانیان چییە؟





‫ئایا مافی پەروەردگارمان لەسەر ئێمە چییە؟





‫ئایا مافی خەڵكی لەسەر پەروەردگاریان چییە؟





‫ئایا مەبەست لە بوونمان چییە؟ وبۆچی ئێمەی خوڵقاندووە؟





‫چۆن پەروەردگارمان بپەرستین؟





‫ئایا ئاینی قبوڵكراو لەلای پەروەردگار -جل جلاله- كام ئاینەیە؟





‫ئایا بنچینەكانی ئەم ئاینە (ئیسلام) وپایەكانی چین؟





‫ئایا ئیسلام ئاینێكی تایبەتە بۆ نەتەوە و ڕەگەزێكی دیاریكراو؟





‫چۆن خەڵكی بزانن كە پێغەمبەران -علیهم السلام- ڕاستگۆ ودڵسۆزن؟





‫ئایا قورئانی پیرۆز چییە؟





‫ئایا بەڵگەی زیندووبوونەوە ولێپرسینەوە چییە؟





‫لە ڕۆژی قیامەتدا چی ڕوودەدات؟





‫ئەگەر مرۆڤ بیەوێت بێتە نێو ئاینی ئیسلامەوە ؛ دەبێت چی بكات؟ ئایا دەبێت هیچ ڕێوڕەسمێك ئەنجام بدات ؟ یان دەبێت داوا لە هەندێك كەس بكات بۆئەوەی ڕوخسەتی پێبدەن ؟





 



Recent Posts

ئیسلام ئاینی پەروەردگ ...

ئیسلام ئاینی پەروەردگاری جیهانیانە

İslam aləmlərin Rəbbi ...

İslam aləmlərin Rəbbinin dinidir

תחנון אורח אם יאכל או ...

תחנון אורח אם יאכל אוכל אצל מי שהוסיף

‫اسلام دین پيامبران ا ...

‫اسلام دین پيامبران الله است